لە میانەی کارو چالاکیەکانی پرۆژەی تایگرس ڕێکەوتی (17/6/2020) بە ئامادەبونی نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، و دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و سەرجەم زانكۆكان كە لەو پرۆگرامەكەدا ئەندامن، سێیەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجام درا، کە لەلایەن زانكۆی هەڵەبجە بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستى ڕێکخرابو.

سەرەتا د. مهاباد كامل عەبداللە سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە لە وتەیەکدا بەخێرهاتن و سوپاسی هەریەك لە زانكۆ  بەشدارەکانى کرد بۆ هاوكاریکردنی زانكۆی هەڵەبجە لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا.

هەروەها ئاماژەی بە گرنگى به نێودەوڵەتیکردنی زانكوكانى كوردستان و ئه و هەنگاوانەى كه زانكوى هەڵەبجە ناويەتى بۆ بە نێودەوڵەتیكردنى زانكۆ له بوارە جیاوازەكانی لێكۆڵينەوە و خوێندن و بەشداریکردنی له پروگرامه نێودەوڵەتيەكان خستەڕو.

لەم سیمپۆزیۆمەدا گفتوگۆ کرا لە سەر هەنگاوەکانی بەرەو پێشچونی بە نێودەوڵەتیكردنى زانکۆکانی هەرێمی کوردستان له بوارە جیاوازەكانی لێكۆڵينەوەو خوێندن و بەشداریکردنی له پروگرامه نێودەوڵەتيەكان و هەمو زانکۆ بەشداربوەکان خوێندنەوەیان کرد بۆ ئەو دەستکەوتانە لە میانەی گفتوگۆکاندا بەرهەم هاتون.

لە وتەیەکیشدا د. خەتاب ئەحمەد شێخانى نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى باسی لە گرنگی بە نێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان كردو جەختی کردەوە لە سەر بەرەو پێشبردن و سەرکەوتنی  پرۆژەکە.

لەلایەن خۆشیەوە د. پۆڵا خانەقا سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، تیشكی خستەسەر گرنگی پرۆژەی تایگرس بۆ بە نێودەوڵەتیكردنى زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و وردەکاری کارو چالاکیەکانی پرۆژەكەشى بۆ ئامادەبوان خستەڕو. هەروەها جەختیشى کردوە لەسەرگرنگی هەنگاوەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ سەرخستنی پرۆژەکە.

دواتر هەریەک لە (د. رضا حسن حسين سەرۆکى زانکۆى سلێمانى، د. جەوهر سعید سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین، د. ئالان فەریدون سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى ، د. موفق خالد ئیبراهیم سەرۆکى زانکۆى ڕاپەڕین، د. کاوە شێروانى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر، د. عدنان محسن سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک)، گفتوگۆی وردیان کرد لە بارەی کارو چالاکیەکانی پرۆژەی تایگرس و جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی پرۆژەکەو سەرکەوتنی.

پاشان  هەریەک لە بەشداربوان گفتوگۆى وردیان کرد لەبارەى پرۆژەکەو ئەو ڕاسپاردانەى بۆ دەوڵەمەندکردن و دانانى داتا بەیس و نەخشە ڕێگاى سیستمى بۆلۆنیا پرۆسێس کرد.

لەکۆتای کۆبونەوەکەدا د. مهاباد کامل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە سوپاسی ئامادەبوانی کردو کۆتایی بە سمپۆزیۆمەکە هێنا.

 

Tags: , , ,