له پانێڵێکدا له ده‌سته‌ى کوردستانی، هۆکاره‌کانی توشبوون به نه‌خۆشی کرمی جگه‌ر، نیشانه و رێگه‌کانی خۆپاراستن و چاره‌سه‌ر روونکرانه‌وه
به‌مه‌به‌ستى به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیاریى ته‌ندروستى و تیشکخستنه‌سه‌ر گرنگیى ده‌ستنیشانکردنى پێشوه‌خته‌ى نه‌خۆشییه‌کان، له چوارچێوه‌ى پلان و به‌رنامه‌ى نوێى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، بۆ گرنگیدانى زیاتر به‌و پرس و بابه‌تانه‌ى که په‌یوه‌ندیى راسته‌وخۆیان به ژیانى رۆژانه‌ى هاووڵاتیان و کۆمه‌ڵگه‌وه هه‌یه، رۆژى چوارشه‌ممه 22-4-2026، له ده‌سته‌ى کوردستانی، پانێڵێک به‌ناونیشانى (ناسینه‌وه‌ى نه‌خۆشی، ته‌مه‌ن و ژیانێکى ته‌ندروست) به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا له‌لایه‌ن چه‌ند پسپۆڕێکەوه باس له نوێترین رێگه‌کانى خۆپاراستن و کاریگه‌ریى ده‌ستنیشانکردنى پێشوه‌خته له‌سه‌ر کوالێتیى ژیان و ته‌مه‌ن و ژیانێکى ته‌ندروست، کرا و زانیاریى و روونکردنه‌وه‌ى پێویست خرانه‌ڕوو.
له سه‌ره‌تاى پانێڵه‌که‌دا، که ژماره‌یه‌کى به‌رچاو له مامۆستایانى زانکۆ و توێژه‌ران و پسپۆڕانى بوارى ته‌ندروستى و ئه‌کادیمیان و زانستخوازان و که‌ناڵه‌کانى راگه‌یاندن، ئاماده‌یبوون، پرۆفیسۆر د.شوان که‌مال ره‌شید سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، له وتارى به‌خێرهاتندا تیشکى خسته‌سه‌ر به‌رنامه و پلانى نوێى ده‌سته‌ى کوردستانى، بۆ گرنگیدانى زیاتر به بوارى ته‌ندروستى و ئه‌و پرسه گرنگانه‌ى که په‌یوه‌ستن به ژیانى رۆژانه‌ى کۆمه‌ڵگه‌وه.
سێ سیمینار پێشکه‌شکران
پاشان، له پانێڵه‌که‌دا، سێ سیمینار پێشکه‌شکران، سیمینارى یه‌که‌م له‌لایه‌ن پرۆفیسۆر د.نه‌هله محه‌مه‌د سه‌عید مامۆستا و توێژه‌ر له ده‌سته‌ى کوردستانی، به‌ناونیشانى (زانیاریى ته‌واو له‌سه‌ر کرمى جگه‌ر)، سیمینارى دووه‌م، له‌لایه‌ن پرۆفیسۆر د.محه‌مه‌د عومه‌ر محه‌مه‌د به‌ناونیشانى (نه‌خۆشى فاشیۆلۆزیس له مرۆڤدا: تایبه‌تمه‌ندییه کلینیکییه‌کان، ده‌ستنیشانکردن و چاره‌سه‌رى نه‌خۆشی)، سیمینارى سێیه‌م، له‌لایه‌ن دکتۆر رزگار عه‌لى به‌ناونیشانى (سه‌ره‌کیترین هۆکارى توشبوون به نه‌خۆشى فاشیۆلا هیپاتیکا له شارى سلێمانی) پێشکه‌شکران و پانێڵه‌که‌ش له‌لایه‌ن د.عه‌لى تالیب عارف مامۆستا و توێژه‌ر له ده‌سته‌ى کوردستانى، به‌ڕێوه‌برا.
زانیاریى ته‌واو له‌باره‌ی نه‌خۆشیی کرمى جگه‌ر
له‌میانى سیمیناره‌کاندا، زانیاریى ته‌واو له‌باره‌ی نه‌خۆشیی کرمى جگه‌ر، هۆکاره‌کانی، نیشانه‌کانی، سوڕى ژیانی، رێگه‌کانی خۆپاراستن و چاره‌سه‌ر روونکرانه‌وه و ئاماژه‌ش به‌وه‌درا که کرمى جگه‌ر سه‌ر به خێزانى کرمه پانه‌کانه. کرمه پێگه‌یشتووه‌کان شێوه‌یان وه‌ک گه‌ڵاى داره، ره‌نگیان قاوه‌یى ره‌ساسییه و قه‌باره‌یان گه‌وره‌یه. ئه‌م نه‌خۆشییه به‌شێوه‌یه‌کى سه‌ره‌کیى له ئاژه‌ڵه‌وه (مه‌ڕ، مانگا، بزن) ده‌گوازرێته‌وه بۆ مرۆڤ، به‌ڵام له مرۆڤه‌وه بۆ مرۆڤ ناگوازرێته‌وه. سوڕى ژیانى ئه‌م کرمه ناڕاسته‌وخۆیه و نزیکه‌ى 18-20 هه‌فته ده‌خایه‌نێت. سوڕه‌که له‌م قۆناغانه‌ى خواره‌وه پێکدێت: (کرمى پێگه‌یشتوو: له جگه‌ر و بۆرییه‌کانى زه‌رداوى مرۆڤ، یان ئاژه‌ڵ ده‌ژیت و هێلکه ده‌رده‌کات و له‌گه‌ڵ پیسایى ده‌چنه ده‌ره‌وه)، (هێلکه: له ئاوى پاکدا له ماوه‌ى نزیکه‌ى دوو هه‌فته‌دا گه‌شه ده‌کات)، (میراسیدیۆم: له هێلکه‌وه ده‌رده‌چێت و به‌خێرایى به‌دواى هێلکه شه‌یتانۆکه‌دا ده‌گه‌ڕێت)، (له ناو هێلکه شه‌یتانۆکه‌دا، ده‌بێت به سپۆرۆسیست، رێدیا و دواتر سێرکاریا). هه‌روه‌ها سێرکاریا، له هێلکه شه‌یتانۆکه‌وه ده‌رده‌چێت و مه‌له ده‌کات له سه‌ر گه‌ڵاى سه‌وزه‌ى ئاویی، سێرکاریا له‌سه‌ر گه‌ڵاى سه‌وزه‌ى ئاویى (وه‌ک کوزه‌ڵه، خه‌س، ترۆپ) چه‌سپاو ده‌بێت و ده‌بێت به قۆناغى به‌رگریکار. ئه‌م قۆناغه به‌هۆى ئاوى زێراب (ئاوى پیس، یان به‌رکه‌وتوو به پیسایى ئاژه‌ڵ) دروست ده‌بێت.
هۆکاره‌کانی توشبوون
هه‌ر له سیمیناره‌کاندا، ئاماژه به‌وه‌درا که کوزه‌ڵه و سه‌وزه‌ى ئاویى، سه‌ره‌کیترین رێگه‌ى تووشبوونن به‌م نه‌خۆشییه، به‌پێویستیش زانرا گۆشتی ئاژه‌ڵ به‌تایبه‌تى جگه‌ر به‌ته‌واویی بکوڵێنرێت.
نیشانه‌کانى تووشبوون به نه‌خۆشی کرمی جگه‌ر
له به‌شێکی دیکه‌ی سیمیناره‌کاندا، نیشانه‌کانی توشبوون به نه‌خۆشی کرمی جگه‌ر رونکرانه‌وه و بریتین له: قۆناغى سه‌ره‌تا، تا، ئازارى سک به‌تایبه‌تى لاى راست به‌شی سه‌ره‌وه، دڵتێکچوون، سکچوون، زه‌ردوویی، ماندووێتی، قۆناغى دره‌نگ: ئازارى به‌رده‌وام له جگه‌ر، گیرانى بۆرییه‌کانى زه‌رداو، دروستبوونى کیس له جگه‌ر، له حاڵه‌تى قورس‌دا زیان به جگه‌ر.
چاره‌سه‌ر
چاره‌سه‌رى سه‌ره‌کیی ده‌رمانى Triclabendazol. پێویسته زوو پشکنین بکرێت - خوێن، سۆنه‌ر.
باشترین رێگه‌ى خۆپاراستن
خۆپاراستن له خواردنی کوزه‌ڵه و سه‌وزه‌ى ئاویى، پێویسته پێش خواردن بکوڵێندرێن و به ئاوى پاک باش بشۆردرێن، خۆپاراستنی ته‌واوه‌تی له خواردنی ئه‌و سه‌وزانه‌ی به ئاوى زێراب ئاو دراون، هه‌روه‌ها گۆشتى ئاژه‌ڵ به‌تایبه‌تى جگه‌ر به ته‌واوى بکوڵێندرێت، پێویسته ئاژه‌ڵداران ده‌رمانى دژه‌کرم به ئاژه‌ڵه‌کانیان بده‌ن و شوێنى له‌وه‌ڕگه پاک رابگرن، هه‌روه‌ها پزیشکان و پسپۆڕان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌نه‌وه که خۆپاراستن باشترین چاره‌سه‌ره. ئه‌گه‌ر نیشانه‌ى ئازارى سک، تا، یان ماندووێتى هه‌بوو، زوو سه‌ردانى پزیشک بکه.
شایانی باسه، پانێڵه‌که زیاتر له دوو سه‌عاتى خایاند و له کۆتاییشدا، له‌نێوان پێشکه‌شکارانى سیمیناره‌کان و ئاماده‌بوواندا، گفتوگۆى زیاتر له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى پانێڵ و سیمیناره‌کانه‌وه کرا، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانی، سوپاسنامه پێشکه‌ش به پانێڵیسته‌کان کرا.
بۆچوونی ئاماده‌بووان
له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆکی پانێڵ و سیمیناره‌کانه‌وه، راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی کوردستانی. بۆچوونی ژماره‌یه‌ک له ئاماده‌بووانی وه‌رگرت، له‌وباره‌یه‌وه مامۆستا ئاهی ئه‌حمه‌د خوێندکاری دکتۆرا له زانکۆی سلێمانی پێیڕاگه‌یاندین: ناوه‌ڕۆکی پانێڵ و سیمیناره‌کان زۆر سودبه‌خش بوو بۆ هۆشیارکردنه‌وه‌ی پێشوه‌خته و ئاگاداربوون له جۆر و تۆماری نه‌خۆشییه‌کان.
هه‌روه‌ها مامۆستا ئورڤا غازی خوێندکاری ماسته‌ر له زانکۆی سلێمانی، زانیارییه‌کانی ناو پانێڵ و سیمیناره‌کانی به سودبه‌خش و پێویست ناوبرد و وتی: له پانێڵه‌که‌دا ئاشنابووین به چەندین زانیاریی نوێ و سودبه‌خش و گرنگ له‌باره‌ی جۆره‌کانی نه‌خۆشی، به‌تایبه‌ت نه‌خۆشی کرمی جگه‌ر، وتیشی: له ژیانی رۆژانه‌مدا سوودێکی زۆر له‌و زانیارییانه وه‌رده‌گرم.