بەڕێزان (د.نەرمین ساڵح ئەحمەد، د.عەلی تالیب عارف، مامۆستا شانیا باقی سادق) مامۆستا و توێژەر لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، بەهاوکاریی ژمارەیەک توێژەری ناوخۆ و بیانی، توێژینەوەیەكیان لەبارەی (ژەهری كەڕووەكان لە جۆری ئافلاتۆكسین و ئۆكراتۆكسین كە لە خواردندا هەن و دەكرێت هۆكاری نەخۆشكەوتن، یان هۆكاری مەترسیی شیرپەنجەبن بۆ مرۆڤ) بڵاوكردەوە.
Carcinogenic Mycotoxins in Common Foods: ELISA-Based Measurement of Aflatoxins and Ochratoxins
لە توێژینەوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كەكەڕووەكان ماددەی ژەهر دروست دەکەن و پەیوەندیدارن بە سەلامەتی و تەندروستیی مرۆڤ. لەناو ژەهری كەڕووەكان جۆرەكانی( ئافلا تۆكسینەكان و ئۆكراتۆكسینەكان) بە هۆكاری مەترسیی شێرپەنجە لە مرۆڤدا دادەنرێن، بەتایبەت دوای بەركەوتنی درێژخایەن بۆ ئەمجۆرە ژەهرانە لە ڕێگەی خواردنە وە.
ئامانج لە توێژینەوەكە، کۆکردنەوەی زانیاری پێویست بوو لەسەر ئافلاتۆكسین و ئۆكراتۆكسین لەناو (174) جۆری جیاوازی خواردنی وشكە، وەك دانەوێڵەكان، بەهارات، جبسی مناڵان، چەرەسات، چا، قاوە و پاقلەمەنییەكان. پاشان بە بەكارهێنانی رێگەی توێژینەوەی زانستی، دیاریكردنی بڕ و شیكردنەوەی ژەهرەكان بۆ بڕی ئافلاتۆكسین و ئۆکراتۆكسین لە نموونە كۆكراوەكاندا جێبەجێكرا، لە ئەنجامدا دەركەوت كە زۆربەی نموونەكان تەندروست بوون و لە رێژەی رێگەپێدراوی جیهانیدا بوون جگە لە 15 نموونە نەبێت، كە لەسەرووی رێژەی رێگەپێدراوەوە بوون، دەكاتە 10 مایكرۆگرام لە كیلۆگرامێكدا.
دەرئەنجامی توێژینەوەكە، دەكرێت بەكاربێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ئاگاداریی پێویست بۆ خەڵك، لەبارەی كاریگەری ژەهری كەڕووەكان لەسەر تەندروستیی گشتی، هەروەها كەمكردنەوەی زیانە ئابوورییەكان بۆ كەرتی گشتی لە چۆنێتی بەكارهێنان و پاراستنی بەرهەمە وشكەكان لە پیسبوونیان بە ژەهری كەڕووەكان، بەتایبەت لە كاتی بەرهەمهێنان و كۆكردنەوە و هەڵگرتنیان لە كۆگاكاندا.
بۆ زانیاریی زیاتر كلیك لەسەر ئەم لینكەی خوارەوە بكە